بێ نوێژی لە ڕوانگەی پزیشكی و شەرعیەوە.
لەبەر گرنگی بابەتی بێ نوێژی بە درێژی باسی دەكەین لە ڕوانگەی
پزیشكی و شەرعیەوە.
بەندی یەكەم: بێ نوێژی لەڕووی پزیشكی.
بڕگەی یەكەم: پێناسەی بێ نوێژی وسووڕی مانگانەی ئافرەت.
یەكەم: بێ نوێژی.
ئەم خوێنەیە كە لە دامەنی ئافرەت دێتە خوارەوە پاش گەیشتنە تەمەنی
پێگەیشتن، هەر28 ڕۆژ جارێك ڕوو دەدات.(1)
دووەم: سووڕی مانگانەی ئافرەت (العادة الشهریة - Menstrual cycle).
هاتنی بێ نوێژی یەك لە دوای یەك، دەست پێ دەكات لە سەرەتای بێ
نوێژی تاوەكو سەرەتای ئەو بێ نوێژیەی بە دواوەی دێت، ماوەكەشی 21-35 ڕۆژە، لە
زۆربەی ئافرەتان 28 ڕۆژە.(2) (لە هەندێ ئافرەتیش 21-40). (3)
بڕگەی دووەم: گرنگی بێ نوێژی.
1. نیشانەیەكە بۆ دەست
پێكردنی ژیانی زاوزێی ئافرەت.
2. نەمانی بێ نوێژی،
نیشانەی كۆتایی هاتنی منداڵ بوون و تەمەنی زاوزێ یە.
3. ڕێكوپێكی بێ نوێژی مانای
ساغی وسەلامەتی كۆ ئەندامی زاوزێ یە، پشێوی بێ نوێژی بە واتای ناتەواوی
كۆئەندامی زاوزێ وكۆئەندامەكانی ترە، یان واتای ناتەواوی باری دەرونی ئافرەتە.
4. وەستانی بێ نوێژی
یەكەمین نیشانەكانی سك پڕی یە(دوو گیانی).
5. پشێوی بەردەوام لە بێ
نوێژی سەردەكێشێ بۆ نەزۆكی. لەكاتی سك پڕی هاتنی خوێن بە مانای لەبارچوونە.
بڕگەی سێیەم: ماوەی بێ نوێژی (مدة الحیض).
ماوەی بێ نوێژی وسووڕی مانگانە لە ئافرەتێكەوە بۆ ئافرەتێكی تر
جیاوازە، لە هەمان ئافرەتیش لە تەمەنی زاوزێ لە ماوەیەك بۆ ماوەیەكی تر دەگۆڕێ.
بڕو هێندەی خوێنەكەو ماوەكەی لەسەرەتای پێگەیشتن جیاوازە لەگەڵ تەمەنی تەواو
پێگەیشتن، كەم دەبێتەوە پێش تەمەنی لە زاوزێ كەوتن.
بەشێوەیەكی گشتی لە تەمەنی زاوزێ بێ نوێژی ڕێكە لەزۆربەی
ئافرەتان،خۆیان كاتەكەی دەزانن، هەركاتێكیش گۆڕانكاری ڕووبدات ئەوا بە ئاسانی
هەستی پێدەكەن. ماوەی بێ نوێژی2-8 ڕۆژە، بەشێوەیەكی گشتی4-6 ڕۆژە،یان5± 2 ڕۆژە.
(4)
بڕگەی چوارەم: بڕی خوێنی بێ نوێژی (كمیة دم الحیض).
ئەویش جیاوازە لە ئافرەتێك بۆ ئافرەتێكی تر. ئەوەی لای ئافرەتێك
ئاسایی یە بۆ ئافرەتێكی تر نا ئاسایی یە. ئەو خوێنەی كە دێتە خوارەوە لە كاتی بێ
نوێژی لە نێوان 30- 80 میلیلترە. (5)
بڕگەی پێنجەم: ڕەنگی خوێنی بێ نوێژی (لون دم الحیض).
ڕەنگی خوێنی بێ نوێژی ڕەشە، هەرگیز نامەیێ ونابەستێ گەر بۆ
ماوەیەكی درێژ بمێنێتەوە.(6) ئەگەر خوێنەكە مەیی وبەستای وڕەنگەكەی گەر سوور بوو
ئەوە خوێنی بێ نوێژی نیەو خوێنەكی تری نا ئاسایی یە.
بڕگەی شەشەم: چۆنیەتی ڕوودانی كرداری بێ نوێژی.
منداڵدان وهێلكەدان ومەمكی ئافرەت، بگرە هەموو كۆ ئەندامی زاوزێی
دەست بە گۆڕانكاری دەكەن بە هۆی زیادبوون وكەم بوونی بڕو هێندەی ژمارەیەك لە
هۆرمون. لێرەوە ئێمە تەنها باسی گۆڕانكاریەكانی منداڵدان دەكەین، تاوەكو بزانین
كرداری بێ نوێژی چۆن ڕوودەدات.
ڕووی ناوەوەی منداڵدان داپۆشراوە بە چینە خانەیەكی تەنك، كە
ئەستووریەكەی لە 1/2 میلیمەتر تێ ناپەڕێ. ژمارەی وقەبارەی موو لوولەكانی خوێن
وگلاندەكانی تیایدا زۆر كەم وسادەیە، بەڵام كاتێ كرداری بێ نوێژی دەست پێدەكات
ئەم چینە خانەیە بە سێ قۆناغدا دەڕوات.
1- قۆناغی گەشە كردن (مرحلة
النمو - Proliferate phase).
لەو قۆناغەدا چینی ناوەوەی منداڵدان دەست بە گەشە كردنێكی خێرا
دەكات، ئەستووری لە 1/2 میلیمەتر زیاد دەكات بۆ 5 میلیمەتر، واتە 10 جارانی خۆی لێ
دێت. لە هەمان كاتدا ژمارەی وقەبارەی گلاندەكانی تیایدا زۆر زیاد دەكات و شێوەی
لوولەیی وەردەگرن، ژمارەی وقەبارەی موو لوولەكانی خوێنیش بە شێوەیەكی سەرسووڕ
هێنەر زیاد دەكات تاوەكو وای لێ دێت شێوەی لوولپێچ وەردەگرن لەبەر زۆری وچڕی
وپڕی. هەروەها جوولەی منداڵدانیش زیاد دەكات، جوولەی خۆشی و ڕاكێشانی پێوە دیار
دەبێت(7).
هۆی ئەو گۆڕانكاریانەش بریتیە لە ڕژانی هۆرمونی ئیسترۆجین كە لە
چیكلدانۆچكەی گراف لەناو هێلكەداندا دێت، ئەو هۆرمونە بە هۆرمونی هەڵچوونی
ئارەزووی جینسی ناسراوە، ئەو هۆرمونە، هۆرمونی مێینەیە لەڕووی دیاری كردنی شێوەو
دیمەن وسیفەت وهەڵسوكەوتی ئافرەتەوە. مەمكەكان گەورە دەكات، چەوری لە سەر سنگ وكلۆت
وسمت وژێر پێستە كۆدەكاتەوە تاوەكو ئەو شوێنانەی نزم دیارن پڕیان بكاتەوەو لە
بەرچاو جوان دیار بن.
ئەو گۆڕانكاریەی باسمان كردن لە چینی ناوەوەی منداڵدان ئەویش بەهۆی
كاریگەری ئەو هۆرمونەیە تاوەكو ئامادەی بكات بۆ وەرگتنی هێلكەی پیتێنراو.(8)
هەروەها وا دەكات لە چینی ناوەوەی دیواری زێ كە هەندێ شلەی ترشەلۆك دەربدەن
تاوەكو ئەو میكرۆبانە بكوژێت كە لەوانەیە هێرش ببەنە سەر سپێرم (تۆی نێرینە) لە
كاتی تێپەربوونی بەناو كۆئەندامی مێینە. ئەو هۆرمونە سەر سووڕ هێنەرە هەر بەو
كارانە ناوەستێت بەڵكو وادەكات مێینە ئارەزووی بەرەو لای هاوسەرەكەی بڕوات ولەبەر
چاوی خۆشەویست بێت، كاریگەریشی لەسەر هەڵسوكەوتی ئافرەتیش هەیە بە زیاد كردنی
ئارەزووی خۆ جوان كردن وڕازاندنەوەو لەنجەو لاری. لە هەمان كاتدا ئەو بڕە هۆرمۆنەی
نێرینە (تیستۆستیرون) كە لە ئافرەتدا هەیە لە ڕژێنە گلاندی سەر گورچیلەوە دیت،
ئەویش هۆكارە بۆ جوولاندنی ئارەزووی جینسی ئافرەت، تاوەكو جووتبوون ڕووبدات و
هێلكە بگاتە ئاواتی خۆی، ئەو گۆڕانكاریانەی لەناو منداڵدان ڕووی داوە بە فیڕۆ
نەڕوات.
2 ـ قۆناغی دەردان (مرحلە
الإفرازSecretary phase ).
گەشەی منداڵدان لەو قۆناغە زیاد دەكات. چینی ناوەوەی منداڵدان زیاتر
توندو تۆڵ دەبێت ودیواری منداڵدان شێوەی ئیسفەنجی وەردەگرێ. هۆی ئەو گۆڕانكاریەش
بریتیە لە ڕژانی هۆرمونی پرۆجیسترون لە چیكڵدانۆچكەی گراف، دوای دەرچوونی هێلكە
ڕێژەی ئەو هۆرمونە زیاد دەكات. (9)
چینە لینجەكەی ملی منداڵدان ناهێلێ سپێرم بچیتە ناو منداڵدان لە
سەرەتای دەست پێكردنی بێ نوێژی تاوەكو چەند ڕۆژێك پێش هاتنە خوارەوەی هێلكە، لەو
كاتەدا گۆڕانكاری زۆر لە منداڵداندا ڕوو دەدات بە هۆی هۆرمونی ئیستروجین، لەوانە
زیاد بوونی دەردانی ماددەی چڵمنی (المخاطی mucous- )، كەم بوونەوەی لینجی (viscosity) زێ، دەزووە لیفیەكان ڕوو
لە سەروو دەكەن تاوەكو بتوانن بە ئاسانی سپێرم بەرەو سەرەوە پاڵ بدەن. (10)
هۆرمونی پرۆجیسترون بەهۆرمونی سك پڕی ناسراوە، چونكە منداڵدان
ئامادەدەكات بۆ وەرگرتنی هێلكەی پیتێنراو. مەمكەكان گەشە پێدەكات بۆ كاتی
منداڵبوون. هەروەها كار لە گورچیلەكان دەكات بۆ كەم كردنەوەی دەرهاویشتنی ئاوو خوێ
بۆ پێویستی كۆرپەلەی داهاتوو. جوولەی منداڵدان دەگۆڕێ لە كێش كردن و خۆشی بۆ
جوولەیەكی هێمن و نەرم وقوول ئەو جۆرە جوولەیەش دوو سوودی هەیە یەكەمیان پێش پیتێن
هاوكاری پاڵدانی سپێرمەكانە بۆ سەرەوە، دووەمیان: دوای پیتێنیش هاوكارە بۆ ئەوەی
هێلكەی پیتێنراو بتوانێ بە ئاسانی خۆی بە دیواری ناوەوەی منداڵدان هەڵواسێ.(11)
كەواتە ئەو هۆرمونە كۆئەندامی زاوزێ وئەندامەكانی تری لەش ئامادە دەكات بۆ كردای
پیتێن ودروست بوونی كۆرپەلە.
3- قۆناغی هاتنە خوارەوەی
خوێن (مرحلة الطمث - Luteolysis).
گەر ویستی خوای گەورە وابوو پیتێنی هێلكە ڕووی نەدا، ئەوا دوای 14
ڕۆژ لە هاتنە خوارەوەی هێلكە ئەوا ئەو قۆناغە دەست پێدەكات. ئەو هەموو
ئامادەكاریەی كرابوو لەناو منداڵدان، بڕو ئاستی ئەو هۆرمونانەی ناو زەردەتەنی
هێلكەدان دەڕژان كەم دەبنەوە، ئافرەتەكە لە ڕووی دەرونیەوە تووشی پشێوی و ناڕەحەتی
دەبێت، هەست بە دڵ تەنگی و ژیانێكی تەنهایی دەكات.
كاتێ هێلكەدان ئاگادار كراوە، كە هێلكە نەپیتێنراوە ئەوا ڕێژەی
هۆرمونی پرۆجیسترون یەكسەر دادەبەزێت، بەمەش بۆڕیەكانی خوێن بەشێوەیەكی وا توند
تەسك دەبنەوە خۆراك قەدەغە دەكەن لە چینی ناوەوەی منداڵدان تاوەكو لەباریەك
هەڵدەوەشێتەوەو خوێنەكی ڕەشی تاریك دێتە خوارەوە لەگەڵ پارچە هەڵوەشاوەكانی چینی
ناوەوەی منداڵدان.
ئەو خوێنە پیسە دەیبەستێ و پەیت دەبێت، پاش ماوەیەكی كەم پێش هاتنە
دەرەوەی لەناو منداڵدان ئینزیمەكی تایبەت دەڕژێتە سەری بەناوی(توێنەرەوەی ڕیشاڵە
لیفیەكان). لە ئەنجامی ئەوەدا خوێنەكی ڕەش دێتە خوارەوە كە هەرگیز نامەیت
ونایبەستێ هەرچەندە بۆ ماوەی چەند ساڵێك جێ بهێڵدرێ.(12)
لێرەوە دەپرسین ئایا سروشت ئەو كردارە جوان و ڕێك وپێكەی وا داڕشتووە
و ئەو هۆرمونەی وا ئاراستە كردووە، كە ئەو كارە گرنگ و سەرسووڕ هێنەرانە ئەنجام
بدەن، یان خودای گەورە ڕێگەی بۆ دیاری كردوون،( قَالَ رَبُّنَا الَّذِي أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى) طه :50
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1.
Kenneth. Principle& Practice of Endocrinology. P: 788.
2. ـ Stuart.Combell & Ash.Manga. Gynecology by ten teachers. P: 40.
3. ـ Kenneth. Principle& Practice of Endocrinology. P: 788.
4.
Kenneth. Principle& Practice of Endocrinology. P: 788 ـ
5.
Stuart.Combell & Ash.Manga . Gyaecology by ten teachers. P: 44
6.
Dullen Bach. Text book of Endometrial pathology. P: 7 3
7. ـ Stuart.Combell & Ash.Manga. Gyaecology by ten teachers. P: 35
-Kenneth.
Principle& Practice of Endocrinology. P: 789.
-
Leslie.J.Degroot. Endocrinology. P : 3/194.
8. ـ النطفة الأمشاج: أي
البويضة الملقحة "Fertilized
ovum".
9.
Stuart.Combell & Ash.Manga. Gyaecology by ten teacher. P: 42. ـ
-
Frances.S.Greenspan & Gordon.j. Basic&Clinical Endocrinology. P: 441.
10.
_ Kenneth. Principle& Practice of Endocrinology. P: 855.
11.
- Kenneth. Principle& Practice of Endocrinology. P: 855.
12.
Stuart.Combell & Ash.Manga. Gyaecology by ten teachers. P: 43
بێ نوێژی لە ڕوانگەی پزیشكی و شەرعیەوە.
Reviewed by سهردێر
on
29 نوفمبر
Rating:
ليست هناك تعليقات: