news

چۆن لەگەڵ ئەم ژیانە پڕ جەنجاڵیەدا هەڵبكەین؟


دەروونناس
سامان سیوەیلی
ئەم هەموو قەیرانەی بەرۆکی گرتووین، سەختی ژیان و ڕاكەڕاك بەدوای دابین كردنی بژێوی ژیان، زۆربوونی كاڵا و بەرهەمە تەكنۆلۆژیەكان لە بازاڕەكاندا و بەخراپ بەكارهێنان و سوود وەرگرتن لەو بەرهەمانە، بوونی چەندین کەناڵی ئاسمانی کوردی هەراسانکار، بوونی دەیان پەیج لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتی (فەیس بوک)، کە سەر بەم بەرپرس و ئەو حزبە و بەهەناسەیەکی دوژمنکارانە ژەهر بڵاو دەکەنەوە، گرانی نرخ و كەمی داهات و كێبەركێی بێبنەما بۆ كۆكردنەوەی زیاتری سەرمایە،
ئەمانە هەمووی لەلایەک، ئامادەنەبوونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و تێكچوونی شیرازەی دابونەریتە باوەكان و خێرایی گۆڕانكارییەكان لەسەر هەموو ئاستەكاندا لەلایەكی تر، تێكڕا جەنجاڵیەكی گەورە و فشارێكی دەروونی وەهای خوڵقاندووە بۆ مرۆڤەكان كە بێ باجدان هیچ كەسێك لێیان دەرباز نابێت، باجدانێك كە لە جۆر و پلەدا جیاوازی دەبێت لەلایەن كەسەكانەوە، وەڵامدانەوەی مرۆڤەكان بۆ ئەم جەنجاڵی و فشارانە بەندە لەسەر چەند فاكتەرێك لەوانە: ئاستی ڕۆشنبیری تاك، بارە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكەی، ئەزموونەكانی پێشووتری ژیانی تاك، ڕەگەز، تەمەن، پەروەردەی خێزانی، بیروباوەڕ، بۆماوەهتد. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەباشی مامەڵە لەگەڵ سەرچاوە فشارهێنانەكاندا بكات و توانای خۆگونجاندنی نەبێت بێگومان ئەو كاتە خۆی لەبەردەم چەندین ئەگەری نەرێنیدا دەبینێتەوە، وەك: تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی و ژیری و سایكۆسۆماتی و جەستەیی، خۆكوشتن، لێكترازانی خێزانی، پەنابردن بۆ مادە هۆشبەرەكان، توندوتیژی، تاوان و لادان، گەندەڵی، كۆچ … هتد. هەرچەندە مرۆڤ خاوەن هاوسەنگی دەروونی و میكانیزمی گونجاو بێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم فشارانە هێندە قەوارەی ئەم باجدانە كەمتر دەبێت لەسەری.
بۆ ئەوەی توانای بەرگەگرتن و هەڵكردنمان هەبێت لەگەڵ جەنجاڵییەكانی ئەم ڕۆژگارەدا و هێزی فشارەكان لەسەر خۆمان كەم بكەینەوە، پێویستە پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكەین كە بێگومان شێواز و ڕێگەی تریش هەیە:
١ - زۆر خۆت بە ڕووداوەكانی ڕابردووەوە سەرقاڵ مەكە، بەتایبەتی ئەوانەی لەدەستت چوون. هێندە ئاوڕ لە ڕابردوو بدەرەوە كە خزمەت بە ئێستا و ئاییندەت بكات.
٢ - خۆت لەو كەسانە بەدوور بگرە كە ئەزموونەكانت لە گەڵیاندا بۆیان سەلماندوویت كە جگە لە گرفت و سەرئێشە، زیاتر هیچت لێیان چنگ ناكەوێت.
٣ - كاتێك كێشەیەكت بۆ پێش دێت هێمن بە و گشت لایەنەكانی‌ هەڵسەنگێنە، بزانە ئەو كێشەیەی تۆ كردووتە بە دێوێكی زل لە خۆت ئەوە دەهێنێت تۆ خۆتت پێوە جەنجاڵ و هەراسان كردووە؟، ئەوجا پلان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داڕێژە و بڕیار بدە.
٤ - پەیداكرنی كەسێك كە خەمەكانی خۆتی بۆ هەڵبڕێژیت، چونكە هەروەك مەنجەڵی هەڵمی (مەنجەڵی بوخار) كاتێك گەرمی (ئاگر) فشاری زۆری لەسەر دروست دەكات، ئەگەر دەرچەیەك نەبێت كە هەڵمی پەنگ خواردووی ناو مەنجەڵەكە دەربچێت ئەوا بەرگە ناگرێت و دەتەقێتەوە، بەهەمان شێوە مرۆڤ بۆ بەتاڵكردنەوەی خەم و پەژارەكان و هێور كردنەوەی ئازارەكانی پێویستی بە كەسێك (لانیكەم) هەیە كە گوێی لێبگرێت و خەمە پەنگ خواردووەكانی بۆ هەڵبڕێژێت، یان بەهەر شێوەیەكی گونجاوی تر کۆژانەکانی دەرببڕدرێت.
٥ - لەكاتی هاتنە پێشی گرفت و ئاڵۆزییەكاندا ڕاوێژ بە كەسانی دڵسۆز و خەمخۆری خۆت بكە، چونكە مرۆڤ لەم كاتانەدا هاوسەنگی لەدەست دەدات و ناتوانێت بڕیاری گونجاو بدات، لە ئاكامدا كێشە و گرفتەكان لە خۆی ئاڵۆز تر دەكات. هەرگیز ئەزموونەكانی ژیانت و بڕوانامە و دنیادیدەیی و زۆری تەمەن واتلێنەكەن خۆت بە ڕاوێژكار بزانیت و تەنها پشت بە لێهاتوویی خۆت ببەستیت، چونكە ڕەنگە پلان و چارەسەری گونجاو بۆ گرفتێكی تۆ كە زۆر لات قورس و بێ چارەیە، لای كەسێكی تر ڕێگە چارەی ئاسانتر و خێرا تر هەبێت.
٦ - بێ ئومێد مەبە لە شكست خواردنت لە بوارێكدا یان لە بارێكدا، هەوڵی تر بدەرەوە بە پلانی نوێ و هەنگاوی تر هەڵبنێ. دەبێت ئەوە بزانیت كە مەزنی مرۆڤ لە هەستانەوەی دوای شكستدایە.
٧ - ڕێز لە كات بگرە لەهەموو كاروبارێكتدا، هەوڵ بدە هەموو شتێك لە وادە و كاتی خۆیدا ئەنجام بدەیت. ئەگەر نەخۆشی جەستەییت بۆ پێشهات، زوو بەدەمیەوە بچۆ و خۆت چارەسەر بكە، ئەگە‌ر گرفتت تووش بوو زوو چارەسەری بۆ بدۆزەرەوە.
٨ - گرنگی بە تەندروستی خۆت بدە، باش بنوو، سیستمێكی خواردنی گونجاو بۆ خۆت دابنێ.
٩ - چەند جار دەتوانیت لە ڕۆژێكدا بە ‌لوت هەناسەی قووڵ هەڵمژە و چەند چركەیەك بیوەستێنە و پاشان لەسەرخۆ بە دەم هەناسە بدەرەوە.
١٠ - ئەو ئامانجانەی لە پێش خۆتیان دادەنێیت بۆ بەدیهێنانیان با ئامانجێك بن كە تۆ دەسەڵاتت بەسەریاندا هەبێت و لەگەڵ توانستەكانی تۆدا یەك بێنەوە و بتوانیت بەدییان بهێنیت، نەك ئامانجێك بن بەدیهێنانیان مەحاڵ بێت بۆ تۆ، هەر بۆیە دەروونناسی مەزن (ئەلفرید ئادلەر) لەم بوارەدا دەڵێت مرۆڤی ئاسایی ئەو مرۆڤەیە كە ئامانجێك لە پێش خۆی دادەنێت كە پێی بگات، بەڵام ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە ئامانجێك لە پێش خۆیاندا دادەنێن كە پێی ناگەن.
١١ - بەپێی كات و توانای خۆت وەرزش بكە (هەر جۆرێك بێت).
١٢ - بەپێی توانای خۆت ناو بەناو سەفەر یان گەشتێك بكە، مەرج نیە تۆ گەشت كردن تەنها بۆ وڵاتێك یان بۆ كیشوەرێكی دیاریكراو بزانیت، بۆ گوندێكی كوردستانیش بێت هەر گەشتە و سوودێكی باشی لەڕووی دەروونییەوە لێدەبینیت.
١٣ - خۆت بناسە و واقیعی بە.
١٤ - بەپێی توانا و كارامەیی خۆت بەشداری بكە لە كاروباری خێرخوازی و خزمەتی نەتەوە و هاوڵاتیەكانت (بەخۆبەخشانە بێت یان تۆ هاوكاری مادی یان مەعنەوی پێشكەش بكەیت) چونكە ئەم جۆرە چالاكیانە ئاسوودەیی بە دەروون دەبەخشن.
١٥ - گرنگی بە لایەنی ڕۆحی خۆت بدە.
١٦ - لەیەك كاتدا دەست مەدەرە چەند پرۆژەیەك چونكە وەك پێویست فریای ڕاپەڕاندنی هیچیان ناكەویت و بەردەوام نائارام دەبیت، هەوڵ بدە بایەخپێدان و پرۆژەكانت ڕیزبەند بكە، لە گرنگترینەوە بۆ گرنگتر و گرنگ تاكو ئەوانەی كەمتر گرنگیان هەیە، بۆئەوەی وزەكانت پەرت و بڵاو نەبن.
١٧ - ئەو شتانە زۆر دووبارە بكەرەوە كە شادت دەكەن و ئارامیت لێیانەوە دەستدەكەوێت، لەو شتانە خۆت بەدوور بگرە كە دەبنە مایەی دڵتەنگی و بێزاری بۆت.
١٨ - مەبە هاوڕێی هەمیشەیی ئامێرە تەكۆنۆلۆژییەكان (ئینتەرنێت و مۆبایل و تیڤی و سەتەلایت و …تد) زۆر مامەڵە كردن لەگەڵ ئامێرانە تووشی گۆشەگیری و بێزاری و خەمۆكیت دەكەن، سستمی خەوت تێكدەدەن، بەپێی پێویست و پلان مامەڵەیان لەگەڵدا بكە.
١٩ -پێویست ناکات کلیک لەسەر هەموو بابەتێک یان هەموو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بکەیت کە دێتە پێش چاوت، بەتایبەتی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەیس بوک، بەتایبەتی ئەوانەی گرتەی توندوتیژی و خوێن ڕشتن و سەربڕین لەخۆ دەگرن. لەجێی ئەوانە گرتە کۆمیدیەکان ببینە و بابەتی بەکەڵک بخوێنەوە.
چۆن لەگەڵ ئەم ژیانە پڕ جەنجاڵیەدا هەڵبكەین؟ Reviewed by سه‌ردێر on 03 أكتوبر Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

All Rights Reserved by بلۆگی ئاینی © 2015 - 2020
Powered By WordPress24x7

پەیوەندی کردن به‌ ئیمه‌یل

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.