قورئان كتێبێكی پڕ نهێنییە؟!
قورئان كتێبێكە زیاد لە هەزارو چوارسەد ساڵە دابەزیوە ، بەسەر پیاوێكی نەخوێندەوار، لە كۆمەڵگەیەكی نەخوێندەوار ، لە ناوچەیەكی نیمچە دابڕاوی نیوەدورگەی عەرەب ، لەو ڕۆژەشەوە تا ئەم ساتە وەختە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت و ڕاڤە و تەفسیری بۆ دەكرێت و بەردەوام ئەحكامی شەرعی ویاسایی و ئەخلاقی لێدەردەهێنرێت ، كەچی هێشتا هەر زیندووەو نوێیەو بەخشینی بەردەوامەو تەواو نەبووە ! ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە دەبێ ئەم كتێبە نهێنییەكی تێدابێت؟
چ كتێبێك تا ئێستا ئەوەندەی قورئان لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوەو ئەحكامی لێدەرهێنراوە ؟ نەك لەیەك بواردا بەڵكو لە هەموو بوارەكانی زانست و ژیاندا ! بڕۆ بۆ كتێبخانەی ئیسلام بزانە لەو ڕۆژەوە قورئان دابەزیوە تا ئەمڕۆ چەند كتێب نووسراوە؟ ئەمانە هەمووی لە چاوگی قورئانەوە هەڵقوڵاون ، ئایا دەكرێ ئاوها كتێبێك لە دانانی كەسێكی نەخوێندەواری ناو كۆمەڵگەیەكی نەخوێندەواری پێش چواردە سەدە بێت؟ كتێبێك دوای چواردە سەدە لە پێشكەوتنی مرۆڤایەتی دەركەوێت كە وردەكارییەكی وای تێدا ڕەچاوكراوە نەك لە توانای مرۆڤێكی پێش چواردە سەدەدا نییە بەڵكو لە توانای هەموو مرۆڤەكانی ئەم سەردەمەشەدا نییە.
كتێبێك چواردە سەدەیە ، لەوەتی نووسراوەتەوە پیتێكی لە جێی خۆی لانەبراوەو نەگۆڕاوە ، ئایا دەكرێ لە ماوەی چواردە سەدەدا كە موسوڵمانان بەهەموو دونیادا بڵاوبوونەتەوە كەس نەیتوانییبَت پیتێكی لێ بگۆڕێت كەچی هەندێك كەس گومان لەسەر ئەو نەوەیە دروست بكەن بە گۆڕینی كە بەسەریاندا دابەزیوە لە كاتێكدا كە ئەو نەوەیە هەم لە نەوەكانی تر باوەڕدارتر و هەم پابەندتر بوون بە ئیسلامەوەو هەم لە چوارچێوەیەكی جوغرافی تەسكدا بوون و ئاگایان لەیەكتر بوو؟!
كتێبێك چواردە سەدەیە بەردەوام دەخوێنرێتەوە بێئەوەی ببێزرێت یا تام و چێژەكەی كەمتر بێتەوە ، ئایا دەكرێ بگوترێت ئەمە كتێبێكە وەكو هەموو كتێبەكانی تر؟ ئاخۆ دەبێ ئەم كتێبە چ گیانێك و چ نهێنییگەلێكی تێدا بێت وا هەر كاتێك دەیخوێنیتەوە وادەزانی قسە لە گەڵ تۆ دەكات و بۆ چارەسەر كرنی كێشەكانی تۆ هاتووە ؟
ئەوە چ نهێنییەكە لەم كتێبەدا كەوای كردووە دوای تێپەڕبوونی چواردە سەدە لە هەموو كتێبێك زیندووتر و لە هەموو كتێبێك كاریگەرتربێت ؟! ئەمانەی وتمان دەكرێ بكرێنە دەروازەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە نهێنییەكانی قورئان ، نەك لە دوو توێی لێكۆڵینەوەیەكی چل لاپەڕەییدا كە بۆ ئەم كۆنگرەیە ئامادە كراوە ، بەڵكو دەیان و سەدان لێكۆڵینەوەی نوێ لە لایەن پسپۆرانەوە بۆ خزمەتكردن بەم كتێبە پیرۆزە .
قورئان كتێبێكە پڕ لە نهێنی ، نەك بەو مانایەی كە جاران باتنییەكان دەیانوت قورئان ڕواڵەت و ناوەوەی هەیە ، ڕواڵەتەكەی زانایانی شەریعە دەیزانن و ناوەوەشی تەنها ئیمام دەیزانێ، بەڵكو بەو مانایای پڕە لە زانست ، لە هەموو بوارەكاندا ، بەتایبەت ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە ناوەڕۆكی پەیامەكەیەوە هەیە كە هیدایەتدانی خەڵكییە بۆ ڕێی ڕاست و سەرفرازی، وەكو زانستەكانی پەروەردەو ئەخلاق و كۆمەڵناسی و دەروونناسی و هتد.
قورئان وەكو دەریایەكی پڕ لە دوڕو مرواری وایە، مەلەوانی شارەزای دەوێت قوتی تێدا بخوات و ئەو مروارییانە دەربێنێت و ، مرۆڤیش تا شارەزایی لە زانستەكاندا ، بەهەردوو بەشەكەیەوە ، تەجریـبی و مرۆیی ، زیاتر بێت باشتر دەتوانێت لێی تێبگات و نهێنییەكانی ئاشكرا بكات.
قورئان جوانترین بنەماكانی زانستی ئەخلاق و كۆمەڵناسی و پەروەردەی تێدایە ، تەنها ئەوەندەی دەوێت شارەزایانی ئەم بوارانە بگەڕێن بە دوایاندا ، هەروەكو چۆن زانایانی بوارە تەجریبییەكان توانیویانە زۆر نهێنی زانستی لە قورئاندا بدۆزنەوە كە بەڵگەن لەسەر لەلایەن خواوە بوونی قورئان ، بەهەمان شێوە زانایانی بوارە مرۆییەكان دەتوانن ئەو كارە بكەن و ئەنجامی زۆرباش لەوبارەیەوە بەدەست بێنن .
ناڵێم هیچ لەو بارەیەوە نەكراوە ، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆ نموونە كتێبی (تربیە الاولاد فی الاسلام) ی د.عبدالله ناصح علوان و (التفسیر الاسلامی للتاریخ )ی د. عماد الدین خلیل و( السنن الالهیە) ی د. عبد الكریم زیدان و كتێبەكانی د. علی عبد الواحد وافی لە بواری زانستی كۆمەڵناسیدا و كتێبی ( دستور الاخلاق فی القران) ـی د. محمد عبد الله دراز چەند هەوڵێكن لەو پێناوەدا.
یەكێك لە نهێنییەكانی قورئان ئەوەیە كە زوو لەبەر دەكرێت ، تەنانەت بۆ ئەوانەشی كە نەك هەر عەرەبی نازانن بەڵكو وشەیەكی عەرەبیشیان نەبیستووە ! بەڵام لەلاوە سروشتێكی تریشی هەیە كە دەتوانین بڵێین كاریگەری ئەم سروشتەی ئێستا باسمان كرد كەم دەكاتەوە یا هەر نایهێڵێت ، ئەویش ئەوەیە زوو بیر دەچێتەوەو ئەوانەی لەبەری دەكەن ئەگەر زوو زوو دەوری نەكەنەوە لە بیریان دەچێتەوە ، لێرەدا خوا سروشتێكی تری لەم قورئانەدا داناوە بۆ ڕێگرتن لە لەبیرچوونەوە ، ئەویش ئەوەیە كە بڕوادار بێزار وبێتاقەت نابێت لە دووبارەكردنەوەو چەندبارەكردنەوەو بەردەوام دەور كردنەوەی ، ئەم سێ سروشتەش پێكەوە دەتوانین ناویان لێ بنێین مەنزومە ، واتە مەنزومەی زوو لەبەركردن و زوو لەبیرچوونەوەو بێزارو بێتاقەت نەبوون لەدەوركردنەوەو بەردەوام خوێندنەوەی و دووبارەو چەندبارەكردنەوەی ، ئەمەش یەكێكە لە نهێنییەكانی قورئان كە لە هیچ كتێبێكی تردا نییە .
هیچ كتێبێك نییە خەڵكی بتوانن بەو ئاسانییەی قورئان لەبەریكەن بەتایبەت ئەوانەی كە زمانی ئەو كتێبە نەزانن و لێی تێنەگەن ، تەنانەت ئەگەر ئەو كتێبە هەمووشیعری بە كێش و قافیەی جوانیش بێت ، هەروەها هیچ كتێبیك یا نووسینێك نییە مرۆڤ دوای ئەوەی لەبەریكرد وا زوو لە بیری بچێتەوە ، وەهەروەها هیچ كتێب و نووسینێك نییە مرۆڤ ببتوانێت یا تاقەتی هەبێت ئەوەندە دووبارەی بكاتەوە و بیخوێنێتەوە با شیعری جوان و چیرۆكی خۆشیش بێت>
قورئان نەبێت كە ئەم سێ سروشتەی لەهەمان كاتدا تێدایە ! ئایا ئەمە یەكێك نییە لە تەجەللیاتی ڕۆحانییەتی قورئان و یەكێك نییە لە نهێنییە گەورەكان و تایبەتمەندییەكانی؟! یەكێكی تر لە نهێنییەكانی قورئان لە كاریگەرییەكەیدایە لەسەر خوێنەر و گوێگر بەو مەرجەی ئەو كەسە باوەڕدار بێت و دڵی ساغ بێت ئەگینا خەڵكانی مونافیق و دڵنەخۆش زیاتر دڵیان بە بیستنی قورئان تاریك دەبێت .
قورئان نهێنییەكانی خۆی بۆ ئەو كەسانە دەكاتەوە كە دڵەكانیان لە ئاستی دەكەنەوە ئەگینا ئەوانەی لە ئەنقەست و بۆ نیازخراپی دڵیان لە ئاستی دادەخەن زیاتر پێی پەست دەبن : وَإِذَا مَا أُنزِلَتْ سُورَةٌ فَمِنْهُم مَّن يَقُولُ أَيُّكُمْ زَادَتْهُ هَـٰذِهِ إِيمَانًا ۚ فَأَمَّا الَّذِينَ آمَنُوا فَزَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَهُمْ يَسْتَبْشِرُونَ ﴿١٢٤﴾ وَأَمَّا الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِم مَّرَضٌ فَزَادَتْهُمْ رِجْسًا إِلَىٰ رِجْسِهِمْ وَمَاتُوا وَهُمْ كَافِرُونَ : ١٢٤ – ١٢٥ وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ ۙ وَلَا يَزِيدُ الظَّالِمِينَ إِلَّا خَسَارًا :الاسراء ٨٢
دكتۆر كریم احمد
قورئان كتێبێكی پڕ نهێنییە؟!
Reviewed by سهردێر
on
26 سبتمبر
Rating:

ليست هناك تعليقات: